بڵاوکراوە - ریکلام

شاری هەولێر


ھەولێر
 (بە کوردیی باکووری: Hewlêr)، (بە عەرەبی: أربيل) شارێکی دێرینی کوردستانە، ئێستا ناوەندی پارێزگای ھەولێر و پایتەختی ھەرێمی کوردستانە. شاری ھەولێر بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیھان دەژمێردرێت کە مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ ٩٠٠٠ پێش زایین. لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری، سۆلکی ناونراوە بە ئوربیلم، لە نووسراوەکانی بابلی و ئاشووری بە ئەربائیلۆ ناودەبرا، کە بە واتای چوار خودا دەھات، لە سەردەمی بابلی شوێنی پەرستنی عەشتار بووە.

لە ھێڵکارییەکی خەتی بزماری ناسراو بوو بە (ئای کشان کلاما) واتە (ماڵی خاتوونی ھەرێمەکە)، ھەروەھا پەرستگایەک بوو بۆ پادشای ئاشورییەکان کە پەیکەرێکی پادشای پانیپاڵ و پەیکەری خواوەندی عەشتار کە لە بڕۆنز دروست کرابوو دۆزراوەتەوە.

بەھۆی گرنگی ئەم شارە، پادشای ئاشوری، سەنحاریب ھەستا بە پەنگاوکردن (خزن) ی ئاو لە تونێل (نۆین) ی دروستکراو بە بەردی مەڕمەڕ، کە لە گوندی مورتکیانی بەستۆڕە دەست پێدەکات تا دەگاتە ھەولێر، کە درێژی ئەم نۆینە (تونێلە) ٢٢ کیلۆمەترە لەژێر زەوی لێدراوە، لەبەر دەرکی ئەم نۆینە سەنحارێب بەردێکی ھەڵکەندراوی بەجێ ھێشتووە و لەسەری نووسراوە (من سەنحاریبم، پادشای ئاشوری، ھەستاوم بە دروستکردنی سێ جۆگەی ئاوی لە چیای خانی بۆ شاری خاتوونە جوانەکە…).

لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ساڵی ١٩٩١، ھەولێر بە ھۆی بوون بە پایتەختی ھەرێمی کوردستانی عێڕاق، فراوانبوونێکی خێرای بەخۆوە بینی و بووە یەکێک لە ئارامترین و پاکترین شارەکانی عێڕاق، لەم دواییانە بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی ھەڵبژێردرا، گەشتیاران لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕووی تێدەکەن.